Skip to content

Assembly Point

    خاڵ یاخود شوێنی کۆبونەوە(Assembly Point) ئەو شوێنانەن کە دیاری دەکرێن لە ناوەوە یاخود دەرەوەی بینا بەمەبەستی کۆبونەوەی ئەو کەسانەی کەلەناو بیناکەدان لە دوای ڕوودانی ڕووداوو وەک ئاگر کەوتنەوە یاخود هەر ڕوووداوێکی مەترسیدار و خاڵی کردنی بیناکە.

    خاڵی کۆبونەوە دەکرێت بە دوو جۆرەوە:

    1- خاڵی کۆبونەوەی ناوەوە:

    ئەم جۆرەیان شوێنەکەی لەناو بینادا دەبێت، بەشێوەیەکی گشتیش ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە فراوانن و چەند ڕێگایەکی چونەدەرەوە و دەربازبوونیان لەسەرە، پێویستە ئەم شوێنانە ڕاستەوخۆ ڕێگای چونەدەرەوە و گەیشتن بە خاڵی کۆبونەوەی دەرەوەی لەسەر بێت، هەروەها پێویستە هەموو پێوەرەکانی سەلامەتی و هەواگۆڕکێی بۆ دابین کرابێت و هێماکانی سەلامەتی بۆ گەیشتن پێی و چونە دەرەوە لێی بۆ فەراهەم کرابێت.

    شایەنی باسە ئەم شوێنانە خاڵی کۆبونەوەی کاتین تاوەکو نەمانی مەترسییەکە، بەڵام ئەگەر هاتوو مەترسییەکە کۆنتڕۆڵ نەکرا ئەوا پێویستە لە زوترین کاتدا چۆڵبکرێن بەرەو خاڵی کۆبونەوەی دەرەوە.

    2- خاڵی کۆبونەوەی دەرەوە:

    ئەو شوێنانەن کە دەکەونە دەرەوەی بینا و باڵەخانەکان، پێویستە ڕاستەوخۆ بەسترابێتەوە بە کۆتایی ڕێگاکانی دەربازبوونی بیناکە و هەموو لایەنەکانی سەلامەتی و هەواگۆڕکێی سروشتی بۆ فەراهەم کرابێت، هەروەها پێویستە ڕێگای ئوتۆمبێل و خزمەتگوزارییەکان گەیشتن پێی ئاسان بێت.