Skip to content

چەند ڕێنماییەک بۆ خۆپاراستن لە وەرزی گەرمادا

    ھەروەک لای ھەمووان زانراوە لەم وەرزەدا ڕووبەڕووی گەرمایەکی زۆر و تاقەتپڕوکێن دەبینەوە کە لەھەندێک حاڵەتدا ئەگەر ھاتوو بەشێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت لەوانەیە چەندین حاڵەتی نەخوازراو و نەخۆشی جوراو جۆری لێبکەوێتەوە ھەروەھا لە ھەندێک کاتدا لەوانەیە بگاتە حاڵەتی خۆربردن و تەنانەت مردنیشى لێبکەوێتەوە.

    بۆ دورکەوتنەوە لە توشبوون بەو حاڵەتە نەخوازراونە پێویستە کۆمەڵێک ڕێنمایی جێبەجێبکرێت ھەندێک لەو ڕێنماییانەش بریتین لە:-

    ١- ھەتا دەکرێت دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە تیشکی خۆر و دورکەوتنەوە لە کارکردن لە کەشوھەوای زۆر گەرمدا بەتایبەت لەو کاتانەی کە پلەی گەرمی زۆر بەرزە لە ڕۆژەکەدا، وەک لە کاتی نیوەڕواندا.

    ٢- دوورکەوتنەوە لە ماندووکردنی جەستە لە کەشوھەوای زۆر گەرمدا.

    ٣-گرنگیدان بە خواردنەوەی بڕێکی پێویست و بەرچاو لە ئاو.

    ٤-دوورکەوتنەوە لەو خواردنەوانەی کە بڕێکی زۆر لەشەکریان تێدایە.

    ٥-ھەوڵدان بۆ وەرگرتنی پشوو بە بڕێکی پێویست لە چەند کاتێکی جیاواز له ڕۆژەکەدا.

    ٦-پۆشینی جلوبەرگی گونجاو بۆ کەشی گەرم، وەک جلوبەرگێک کە قوماشەکەی لۆکە و فراوان و لە ڕەنگە کراوەکان بێت.

    ٧-ھەتا دەکرێت فێنککەرەوەکان وەک(پانکە، موبەریدە، سپلیت،…ھتد) بەکاربھێنرێت.

    ٨-بەکارھێنانی کەرەستە خۆپارێزییە پێویستەکان لە کاتی چونە دەرەوەدا وەک بەکارھێنانی چەتر یاخود کڵاو.