✍️ئهندازیار عادل لهتیف مهولهوی
لە میانی پڕۆژەی (مێژوو و کەلەپوورمان بە نەخشە) کە ئەندازیارانی ڤیو پایەنیر لە ئێستادا بە چڕوپڕی کاری لەسەر دەکەن، یەکێک لەو سەرەداوە مێژووییانەی بە شێوازی تایبەت بە پڕۆژەکەمان لە شەش ساڵی ڕابردوودا دەستمان کەوت و لەڕێی هەردوو بەشی (GIS) و (کەلەپوور)ەوە شیکاریی ورد و لێکۆڵینەوەی زۆرمان لەبارەیانەوە ئەنجامداوە و بەپێی ئەو میکانیزمەی لەم بوارەدا وەک مێتۆدی دۆزینەوەی وردەکاریی شوێنە مێژوویەکان لەڕێی نەخشەوە گرتومانەت بەر و سوپاس بۆخوا تا ئێستا دەرگای دەیان سیمای مێژوویی دیار لەسەر ئاستی کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانیش بەتایبەتی لێکردوینەتەوە.
لە ئێستادا بە باشمان زانی ڕایبگەیەنین کە ڤیو پایەنیر لە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوانەدا توانای دیاریکردنەوەی نەخشە کۆنەکەی مزگەوتی خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی هەیە، کە لە بنەڕەتدا مەحمود پاشای کوڕی عەبدوڕەحمان پاشای بابان لە شاری سلێمانی بۆ زانا و عارف و گەورە ڕێبەری ڕێبازی خالیدیی موجەدیدی نەقشبەندی لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە و ناوچەکە و هەموو جیهاندا لە ساڵی ١٨١٧ دا دروستیکردووە.
بەپێێ ئەم دۆزینەوە ناوازەیەی کە لە ئێستادا کاری لەسەر دەکەین:
• ڕوبەری گشتی هەموو مزگەوتەکە بە پێکهاتە جیاوازەکانەوە بە نزیکەیی (٢٥٠٠)م٢ بووە کە لە ئێستادا بەهۆی ئەو فراوانکردنە یەک لەدوای یەکانە ڕوبەرەکەی نزیکەی (٤٨٠٠)م٢ە بەتایبەتی لە هەردوو ئاڕاستەی باکور و ڕۆژهەڵاتیشەوە ڕوبەرەکەی زیادیکردووە.
• زۆر بەرڕوونی خودی شوێنی نوێژەکەی مزگەوتی خانەقا بە شێوازە کۆنەکەی کە مەحموود پاشای بابان بنیادی ناوە و مەولانا خالید و موسوڵمانان لەوسەردەمەدا و دواتریش نوێژ و پەرستشیان تێداکردووە دیاری کراوە و خۆشبەختانە بەپێی بەدواداچونمان ئەو شوێنە لە ئێستادا حەوشەی مزگەوتە و دەکرێت بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم پێگە شوێنەوارییە کۆنە وێنابکرێتەوە و لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت.
ڕوبەری بینا -حەرەمی نوێژ-ە کۆنەکە نزیکەی (٢٧٠)م٢.
• وەک زۆرینەی (٩٢٪) ی مزگەوتە کۆنەکانی دیکەی شاری سلێمانی لەبەردەم ژوری مزگەوتدا حەوشەو سەکۆی نوێژی هاوینەی هەبووە بە ڕوبەری نزیکەی(١٥٠)م٢.
• بەپێی ئەم نەخشەکێشانەوەی کە ئەنجاممان داوە سەکۆی سەرحەوز و خودی حەوزی دەستنوێژی خانەقامان بە پێوانە و ڕوبەرە شوێنەوارییە مێژووییەکەی کە هەبووە بە نزیکەی (١٥٠)م٢ دیاری کردووە کە نالی دەرهەق بەم حەوزە دەفەرموێت:
حەوزی پڕی کە نائیبی دیدەی منە لەوێ،
لێڵاوی دانەهاتووە وەک سەیلی شیوەسوور؟
• لە مزگەوتی خانەقادا کە مەحمود پاشای بابان بۆ زانا و مودەریس و شێخێکی بەهرەداری وەک مەولانا خالیدی دروستکردووە لە هەموو مزگەوتەکانی دیکە زیاتر حوجرە و ژوری تایبەت و پێکهاتەکانی تایبەت بە خانەقایەکی تێدابووە، کە خۆی لە (٢٥-٣٠) ژوردا دەبینێتەوە و نالی لە باسی حوجرەکەی خۆیدا وەک یەکێک لەو ژوورانە دەفەرموێت:
واسیل بکە عەبیری سەلامم بە حوجرەکەم
چی ماوە، چی نەماوە، لە هەیوان و تاق و ژوور؟
• چیمەن و حەوشە و جێی یاری فەقێ و ئەمانەش نزیکەی (٩٥٠)م٢ کە دیسان نالی لە هەقیانا دەڵێت:
سەیرێکی خۆش لە چیمەنی ناو خانەقا بکە
ئایا ڕەبیعی ئاهووە، یا چایری ستوور؟!
سەبزە لە دەوری گوڵ تەڕە وەک خەتتی ڕوویی یار
یا پووشی وشک و زوورە وەکوو ڕیشی کاکە سوور؟
گرنگیدان بە پێگەیەکی مێژوویی وا گرنگ و کارکردن تێیدا لە ڕاستیدا قورسە و هەروا ئاسان نییە. چونکە مەولانا خالیدی نەقشبەندی زانا و رابەرێکی وا گەورە بووە هەرچەندە تەمەنی تەنها ٤٨ ساڵ بووە (١٧٧٩-١٨٢٧ز) و دەتوانرێت بوترێت کە گەنجێکی هێندە کاریگەر بووە مامۆستای خۆی دەبووە موریدی، یان ئەوکەسەی کە دەهاتە دیبەیت و بەرامبەریی لەگەڵ دەکرد دەکەوت بەسەر دەستیدا و تەمەسوکی پێ دەکرد.
کاریگەری ئەم بلیمەتەی کورد هەر لە بواری ئاینی و کۆمەڵایەتی و زانستیدا نەبووە بەڵکو بناغەی پێگەیاندنی سێکوچکەی بابان هەریەک لە نالی، سالم و کوردییە، بنەغەی بەشێکی زۆری شۆڕشەکانی کوردە.
حەزرەتی مەولەوی کە پەڕەوکارێکی تەریقەتی خالیدی نەقشبەندی بووە لە دەرهەقیا دەفەرموێت:
مِنَ الذي أفادَنــــــــــا، اوْلانــــــــا
قائدُنـــــــــا قدوتُنـــــا مولانـــــــــا
فقــــدّس الله تعالــــــى ســــــرّە
صَبَّ عَلَينــــــا فيضـــــه وَبــــــرّە
هەروەهە مەحوی مەزن و خواناس کە خۆی و باوکیشی هەر مورید و کەمەنکێشی ئەم مەدار و مەدرەسەیەبوون لە دەرهەقیا دەفەرموێت:
لە فەیزی ناوی مەولانا زیائەددینەوە ئێستە
هەموو ڕۆژە شەوم، قەترەی وجوودم بەحری ئەنوارە
هەتا ئەو ناوە پاکەم کردە زیکر و فیکری ڕۆژ و شەو
هەناسەم بۆنی میسکی گرتووە، لێوم شەکەربارە
بە یومنی ئەو، بەهارە پاییز و زستان و هاوینم
کە هەر گاهێ بکەم بەحسی لە دەورم گوڵ بە خەروارە
هیوادارین لەم نۆژەنکردنەوەی ئێستادا کە کۆمپانیای ئانزۆ لەگەڵ دەستخۆشی زۆرمان بۆ بەڕێزیان خانەقای مەولانا وەک سیمایەکی کەلەپووری و مێژوویی شاری سلێمانی بە تێچوویەکی لەبەرچاو نۆژەندەکەنەوە لایەنی کەم ئەم بەشە زیندوو بکەنەوە کە بەدڵنیاییەوە گیانێکی نوێ دەکاتەوە بە بەر خانەقادا، هەروەها لایەنە پەیوەنددارەکانی وەک ئەوقاف، شوێنەوار، گەشتوگوزار و شارەوانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کار لەسەر بوژاندنەوەی ئەم پێگەیە لە ڕووە بەرجەستەیی و نابەرجەستەییەکەشییەوە بکەن کە بەدڵنیاییەوە لەڕوی گەشتوگوزاریی ئاینییەوە بەهایەکی زۆری دەبێت، لەبەر ئەوەی کاتێک باس لە مێژووی حەزرەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی دەکریت دەتوانرێت پێگە کۆن و شوێنەوارییەکەی پێشانی گەشتیاران بدرێت.