Skip to content
Search

مزگەوتی ڕەسوڵ ئاغاڵ لە سەرشەقام

    مزگەوتی ڕەسوڵ ئاغاڵ لە سەرشەقام
    ✍️عادل لەتیف مەولەوی
    بەڕێوبەری ڤیو پایەنیر
    بەداخەوە بە شێوەیەکی گشتی تائێستا پاراستنی بیناو و شوێنە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان لای ئێمە گرنگییەکی وای نییە کە بوبێتە خەمێکی گشتی و ڕای گشتی لەسەر دروستبکرێت بۆ هەردوو باری ئەرێنی و پاراستنیان یان نەرێنی و لەناوبردنیان.
    مزگەوتی ڕەسوڵ ئاغاڵ ئاغای سیوەیلی یەکێکە لە کۆنترین مزگەوتەکانی شاری سلێمانی و بە درێژایی مێژووی شار یان دروستتر ئەوەیە بڵێین لە ناوەڕاستی سەردەمی میرنشینی بابانەوە ئەم مزگەوتە کۆتا بینای گەڕەکی سەرشەقام بووە، کە لە بەشی باشوری سنوری گەڕەکەکە بنیادنراوە و لە خوار ئەم مزگەوتەوە بە دووریەکی کەم گەڕەکی جولەکان دەستپێدەکات، کە شیوی جولەکان ئەم مزگەوتەو یەکەم ماڵی جولەکان یان با بڵێین هەردوو گەڕەکی سەرشەقام و جولەکانی لێک دابڕیبوو و لەیەکتری جیایکردبوونەوە. وەک مامۆستای بەڕێزمان د. خالید سابیر لە کتێبی شەجەرەی بنەماڵە دێرینەکانی شاری سلێمانییدا باسی لێوە کردووە کاتێک ئیبراهیم پاشای بابان سلێمانی بونیاد دەنێت ئاغاڵ ئاغا پیاوێکی بە تەمەن دەبێت و لەگواستنەوەی پایتەختی باباندا ئەویش وەک هەموو دانیشتوانی ئەوکاتەی قەڵاچۆلان دێتە شاری سلێمانی و لە ساڵی 1790ز پاش شەش ساڵ لە بنیاتنانی پایتەختی نوێ کۆچی دوایی دەکات و ڕەسوڵ ئاغاڵ ئاغای کوڕی کە هەم خوێندەوار و لەهەمان کاتیشدا بازرگان بووە دەبێتە کەسێکی دیاری شار و ئەم مزگەوتەی گەڕەکی سەرشەقام دروست دەکات، بەڵام لە ساڵی 1831 بە نەخۆشی تاعون کۆچی دوایی دەکات، کەواتە مێژووی بنیاتنانی مزگەوتەکە پێش 1831ز (نەک 1900 وەک لە سەر تابلۆکە نووسرابوو)، دواتر مەلا عەبدوڕەحمانی کوڕی ڕەسوڵ ئاغاڵ دەبێتە مەلا و مودەریسی مزگەوتەکەی باوکی.
    مامۆستا مەلا محەمەدی قزڵجی لە ساڵی 1938 دا لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (التعریف بمساجد السلیمانیة و مدارسها الدینیة) -کە بەڕای بەندە پێویستە هەردوو بەڕێوبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی وەک سەرچاوەیەکی فەرمی پشتی پێببەستن بۆ مزگەوتەکانی شاری سلێمانی لە 100 ساڵی ڕابردوودا- لە باسی ئەم مزگەوتەدا (ڕەسوڵ ئاغاڵ) کە بە ناوی مەلا عەبدوڕەحمانی کوڕییەوە ناوزەندی کردووە و باسی لەوەش کردووە کە مەلا عەلی نیزامییش لەم مزگەوتە تەدریسی کردووە.
    وەک د. خالید سابیریش باسی دەکات حاجی مەلا محەمەدی کوڕی مەلا عەبدوڕەحمانی ئاغاڵ لە شۆڕشەکەی شێخ مەحموودی حەفیددا بەشداربووە و هەربەم هۆکارە لە لایەن ئینگلیزەوە چەند جارێک ماڵەکەی سوتێنراوە.
    ئێستا مزگەوتەکەی ئەم بنەماڵە بەناوبانگ و دیارە (لە ئیبراهیم پاشای بابانەوە تا شێخ مەحمودی نەمر و دواتریش) تێکدراوە و وەک لە وێنەی ژمارە (5) دا دیارە بە بلۆک و بەشێوازێکی مۆدێرن دروست دەکرێتەوە (هەرچەندە نازانم وەک ڕوکاری دەرەوە دواتر شێوازێکی کەلەپوری بدەنێ یان نا؟ چونکە هیچ وێنەو نەخشەیەک لەسەر پڕۆژەکە هەڵنەواسراوە) و بە پێێ ئەو وێنانەی (1 تا 4) کە هاوپێچ لەگەڵ ئەم نووسراوەماندا بڵاومان کردۆتەوە و وەک بەشێک لە (پڕۆژەی مێژوو و کەلەپوورمان بە نەخشە) کە بریتییە لە سەربوردێکی وێنەیی مزگەوتەکە لە 100 ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا.
    ئەکرا لەم نوێکردنەوەیەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان سود لە شێوازە کۆنەکەی وەربگیرایەتەوە کە لەهەموویاندا هۆڵی نوێژی مزگەوتەکە لە هەمان پێگەدابووە هەرچەند سنوری هۆڵی نوێژەکە لە سی چل ساڵی ڕابردوودا هەندێک گەورەکراوە، بەڵام وەک پلان شێوازە کۆنەکەی بەگشتی پارێزراوبووە تا ئەم تێکدانە بە لەبەرچاوگرتنی زیادکردنی چەندین ژوور و بەشی زیاد.
    ئەمەش بەرپرسیارێتی هەردوو بەڕێوبەرایەتی ئەوقاف و شوێنەوارە بە پلەی یەکەم پاشان خێرخوازەکە و هەموو خەڵکی شارییش بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە ئەستۆ.
    دەتوانین بڵێین ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا چەند مزگەوتێکی شوێنەواریی و کەلەپووریمان لە شاری سلێمانی لەدەست دەرچووە و ڕوخێنراون و نوێکراونەتەوە، بەڵام خۆ دەکرێت هەموو لایەک بەخۆداچونەوەیەکی گشتی بکەین و بەتایبەت فەرمانگە پەیوەندارەکان و مەرجیان بۆ دروستکردنەوە یان نۆژەنکردنەوەی مزگەوت یان باڵەخانە کۆنەکان تەنها ئەوە نەبێت کە بە شێوەیەکی کەلەپووریی ڕوپۆشی ڕوکارەکەی بکرێت بەڵکو پێویستە مەرجەکە ئەوەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان بخرێنەوە سەر نەخشە بنەڕەتییەکەی خۆی.
    لێرەوە بە پێویستی ئەزانم داوا لەهەمووان بکەم لە لایەن و فەرمانگە حکومییەکان، ڕێکخراو و کەسایەتی و ناوەندە کەلەپووری و ڕۆشنبیری و ئەندازیارییەکان، کە ئەو چەند مزگەوت و بینا زۆر کەمەی کە لە شاری سلێمانییدا ماون لێنەگەڕێن بە ئاسانی بڕوخێت و بێ بەرنامەیەکی تۆکمە هەرلەخۆوە نوێبکرێنەوە، و ئەگەر پێویستیشکرد پاش ئامادەکردنی پرۆپۆزەڵی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەکە و پێش ڕوخاندنی لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری لایەنە پەیوەندیدارەکان و دواتریش لە پێگەیەکی فەرمی و ڕاگەیاندنەوە بۆ ماوەی مانگێک بە لایەنی کەمەوە دابنرێت بۆ ڕەخنە و سەرنجی خەڵک و کۆکردنەوەی وێنە و نەخشە و بەڵگەنامە لەسەری و پاشان دەستبکرێت بە کاری ئەنجامدانی بیناکاری.
    ئەم پڕۆژانە و هاوشێوەکانی لە شارێکی زیندووی وەک شاری سلێمانییدا جێی داخە کە وا بە سانایی وەربگیرێت.
    پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری بەرجەستە هەندێک جار دەیان جار بەهێزترە لە پارستنیان بە شێوەیەکی نابەرجەستەیی بەتایبەت بۆ ئەم سەردەم و کاتی بێ کاتییە.